عەبدولکەریم خەسرۆ: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن فرە ڕەهەندییە

عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن فرە ڕەهەندە و یەکێک لە ڕەهەندەکانی، ئابوورییە. دەشڵێت، سەرۆکی حکوومەت جەخت لە پاراستنی گرێبەستەکان دەکاتەوە. 

عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی پێنجشەممە، 22-05-2025ـی کوردستان24 بوو. 

لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، 17-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کۆنگرێسمانی ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە. 

عەبدولکەریم خەسرۆ  گوتی: "یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەجۆرەکان بووە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، بە تایبەت پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان. لەم سەردانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیش بۆ ئەمەریکا، چەندان پرس تاوتوێ دەکرێن، گرنگترینیان ئاییندەی پرسی وزەیە لە هەرێمی کوردستان."

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون باسی لەوەش کرد "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پرسی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنییەتی کارکردن دەبێت لە ئاییندەدا بۆ ئەو مەبەستە. بە دڵنیاییەوە بەرپرسانی ئەمەریکا بایەخەکی زۆر بەم بابەتە دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، بە تایبەت کە هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە تێکشکاندن و لەناوبردنی داعش هەبوو."

بە گوتەی سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون "ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانی تەواودایە، بۆیە بۆ ئەمەریکا گرنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی و ئارامی بمێنێتەوە. بە درێژایی ساڵانی ڕابردووش، هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمەریکا بووە لە ناوچەکەدا و ئێستاش کار لەسەر پتەوکردنی ئەم دۆستایەتییە دەکرێت."

دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.

عەبدولکەریم خەسرۆ  لەبارەی ئەو گرێبەستانەوە ئاماژەی بەوە دا "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پاراستنی گرێبەستەکان لە بواری وزە بەگوێرەی یاسا و پاراستنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی و مافی کۆمپانیاکانیش دەکاتەوە."