کەمال محەممەد: بەرهەمهێنانی غاز و وزەی کارەبا زیاد دەکەین

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم بە وەکالەت ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان توانای هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە و بەو دوو گرێبەستەی ئیمزا کراون، دەتوانین بەرهەمهێنانی غاز و وزەی کارەباش زیاد بکەین.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتن بەشداری پانێلێکی کرد و گوتی: بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسای وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی ساڵی 2007، چەندین گرێبەستمان ئیمزا کرد، بەگوێرەی گرێبەستەکان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەکەین.
گوتیشی: ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی 650 ملیۆن پێ سێجای غازە، بەڵام بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دوو گرێبەستمان ئیمزا کردووە، هەرچەندە حکوومەتی عێراق دژی گرێبەستەکانە، بەڵام بەمەبەستی ئێمە دابینکردنی وزەی زیاتری کارەبایە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بڕە غازەی تاوەکوو ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، تەنیا دەتوانرێت، %50ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاد کردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و پشت بەستن بە توانای ناوخۆ، کەمال محەممەد گوتی: تاوەکوو ساڵی 2007، تەنیا 100 بۆ 150مێگاوات کارەبامان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار مێگاوات دەبێت، لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج هەزاری لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکییەوە دابین دەکرێت، کە دەکاتە %64 کۆی گشتی بەرهەمی کارەبای هەرێم و بەشێکی کارەباکەش بە ناوچەکانی عێراق دەدرێت.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment