وەزیری وزەی ئەمەریکا: هەوڵدەدەین پەیوەندیی بازرگانی لە هەموو جیهان بڵاو بکەینەوە

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتن پایتەخی ئەمەریکا قسە دەکات.

کۆنفرانسە بە ئامادەبوون و بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و لە سەرەتای قسەکانیدا وەزیری وزەی ئەمەریکا گوتی: وزە بڕبڕەی پشتی شارستانییەتە و ئابووریی ئێمە و خەڵکیش باش دەکات، هەر بۆ سیاسەتی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە سیاسەتی ئەمەریکا زۆر ڕوونە، ئەویش ئەوەیە خۆشگوزەرانی لە ناوخۆی ئەمەریکا و ئاشتی لە ئەمەریکا، ئامانجی ئێمە کاری هاوبەش و پێکەوەیی کۆمپانیاکانە، هەوڵدەدەین ئەم پەیوەندییە بازرگانییە لە هەموو جیهان بڵاو بکەینەوە، نەک ململانێ.

گوتیشی: قسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی کردووە، هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی باشی وزەی هەیە، هاوکات بۆ ئێمەی ئەمەریکا دەرفەتێکی زۆر باشی وەبەرهێنان و هەماهەنگییەک باش هەیە، نموونەکەشی ئیمزا کردنی ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە کە کرا، هەربۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە زۆر باشتر و باشتر بێت.

وەزیری وزەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەکەین نەوت و غازیش زیاد دەکەین، گرنگی بە هەموو سەرچاوەکانی وزە دەدەین،  بۆ ئەوەی کارەبایەکی زۆرباش لە هەرێمی کوردستان دابین بکەین و وڵاتانی دیکەش سوودی لێ وەرگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم سەرچاوەی وزە لە هەموو جیهان نەوتە، ئەوانەی دەستیان گەیشتووەتە سەرچاوەکانی وزە توانیان ژیانێکی باشتر فەراهەم بکەن، ناتوانی بەبێ وزە ژیانێکی خۆشت هەبێت، هەربۆیە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە کارەبا بگەینینە وڵاتانی دراوسێ.

وەزیری وزەی ئەمەریکا دەشڵێت: ئەم گرێبەستانە بۆ تەواوی ناوچەکە سوودی دەبێت بەتایبەتی بۆ ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، بازرگانی دروشمی ئێمەیە هەر بۆیە دەمانەوێت لەڕێگەی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە فراوانتر و بەهێزتربکەین دوور لە ململانێی، ئەمەریکا باشترین دۆستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاستە، هەرێمی کوردستانیش دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە.

لەکۆتاییدا وەزیری وزەی ئەمەریکا جەختی لەوەکردەوە، کورد و پێشمەرگە هاوپەیمانی ئێمەبوون لە شەڕی دژبە داعش.