ماتیۆ زەیس: ئەم هاوینە بەهۆی کەمی غاز عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی کارەبا دەبێتەوە

دکتۆر ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyی ئەمەریکی دەڵێت: پێویستە عێراق ڕێز لەو گرێبەستانە بگرێت و دەستووری عێراق دەسەڵاتی بە هەرێمی کوردستان داوە ئەم گرێبەستانە بکات.

پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، دکتۆر ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆک، کاروباری حکومەت HKN لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتن لە یەکێک لە پانێلەکان ڕایگەیاند: ئەو گرێبەستانە ئیمزاکراون سوودی زۆری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، بەگوێرەی دەستوور و یاسا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماف و دەسەڵاتیی ئەو گرێبەستانەی هەیە و لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی دەستووری عێراق داڕژێراوە و دڵنیایی درایە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان.

ماتیۆس زەیس گوتی: پێویستە عێراق ڕێز لەو گرێبەستانە بگرێت و ئێستا عێراق کێشەی کەمی غازی هەیە هەر بۆیە ئەم هاوینە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی کارەبا دەبێتەوە ئەمەش بەهۆی کەمی غاز و پشت بەستن بە غازی ئێران.

ماتیۆس باسی لەوەش کرد، عێراق سوودی زۆر لەو گرێبەستانە دەبینێت، دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم ئەو گرێبەستانە گوتی، "ئەو ئاستەنگانە سیاسین" غازی هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ عێراق.

ماتیۆس ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتی وزەی هەرێمی کوردستان سەرکەووتو بووە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment