براد کامپ: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبا بەنرخێکی گونجاو دەگاتە هەموو هەرێمی کوردستان

بەرپرسی سەرەکی سترتیژی کار گرووپ دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان لە چەندین شوێن بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکەین.

 براد کامپ، بەرپرسی سەرەکی ستراتیژی کار گرووپ لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتن ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، بەشداری لە یەکێک لە پانێڵەکان کردوو و ڕایگەیاند: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبا بەشێوەیەکی زۆرباش و نرخێکی گونجاو دەگاتە هەموو کوردستان، بە سەرکردایەتی مەسرور بارزانی ئێستا کارەبای 24کاتژمێری دابین دەکرێت.

براد کامپ گوتی: دەتواندرێت تۆڕێکی کارەبای نیشتیمانی زۆرباش لە هەرێمی کوردستان هەبێت.

باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان لە نۆ شوێن بەرهەمهێنان لە نەوت دەکەین و لە گازیش نزیکەی 105 ملیۆن پێ سێجا مان هەیە، لە پاڵاوگاکانیش پاڵاوتنی بۆ دەکەین.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment