وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی بەنرخە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا لە واشنتن، لەگەڵ دەگ برگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی بەنرخی ئەمەریکایە و خۆشحاڵین بە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا کە وزە لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانيی خەڵک بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاشتی و ئارامی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا.

هەروەها لە بارەی ئەم دیدارەدا، سەرۆکی حکوومەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوتی: "سوپاس بۆ میواندارییەکەت بەڕێز دەگ برگەم. کاری مەزنمان لەپێشە".