ڕێباز حەملان: ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆی ڕاکێشانی غاز بۆ ماڵان

ڕێباز حەملان دەڵێت: یەکشەممەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی ئایار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت و پێشبینی دەکرێت پێش جەژن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: بەغدا بەردەوام دژایەتیی سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەم گرێبەستانەی لە واشنتن کراون نوێ نین، بەڵکو ڕێککەوتنەکان دەگەڕێنەوە بۆ 15ساڵ لەمەوبەر و کێڵگەکان دراون بە دوو کۆمپانیای نوێ.
ڕێباز حەملان گوتی: عێراق یاسای نەوت و گازی نییە تاوەکوو بڵێت ئەم گرێبەستانە نایاسایین، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی ئەم گرێبەستانە دەکات عێراق ناتوانێت بەربەست بۆ ئەم گرێبەستانە دروست بکات و ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا لە چوارچوەی ڕاگەیاندراو دەمێنێتەوە.
یاریدەدەری سەرۆک وەزیران گوتیشی: سەرۆک وەزیران مەسروربارزانی لەکاتێکی هەستیار سەردانی ئەمەریکا کرد و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی گرێبەستەکەیە، ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆی بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلیکار و ڕاکێشانی غازی ماڵان و بووژانەوەی ئابووری.
دەربارەی مووچەی مانگی ئایار، ڕێباز حەملان باسی لەوەکرد، ڕۆژی یەکشەممە لیستی مووچەی مانگی ئایار رەوانەی بەغدا دەکرێت پێشبینی دەکرێت تاوەکوو پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی ئایار بدرێت.