بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری باڵای ترەمپ، ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی سەرۆکی حکوومەت لە واشنتن سازکرا

مەسعەد بوڵس، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارە خوانێکی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ڕێکخست، لە ئێوارە خوانەکەشدا، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەمەریکا  بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو ناوبرد.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025 لە واشنتن ، بە ئامادەبوونی مەسعەد بوڵس ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ، ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا.
لە ئێوارەخوانەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی ناسراوی ئەمەریکا ئامادەی بوون ، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترەمپ ، لە وتەیەکدا ، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و سەردانەکەی بۆ ئەمەریکای بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو ناوبرد، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا سوپاسی میواندارییەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان پێزانینی زۆری بۆ هاوکاری و پشتیوانیی و دۆستایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەین لە هەموو بوارەکاندا.