گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران کۆتایی هات
گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کۆتایی هات و وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکان هەبوو.
هەینی، 23ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانی بڵاوی کردەوە، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران کۆتایی هات.
هەروەها ڕاشیگەیاندوو، چاوەڕوان دەکرێت دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بێت و عوممانیش ڕۆژ و شوێنی گەڕی داهاتوو دیاری دەکات.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکە ئاماژەی دا، گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتر پێویستە.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکان هەبوو.
گوتیشی: عومان بیرۆکەی جیاوازی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر خاڵە ناکۆکیەکان نێوان ئێران و ئەمەریکا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی شاندی ئەمەریکا، بەر لە کۆتاییهاتن دانوستانەکەی جێ هێشت.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ئاماژەی دا، لە دانوستانەکانی گەڕی پێنجەمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کەمێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوو.
هەروەها گوتیشی: هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوو بەرچاوڕوونی زیاتر هەبێت لەبارەی ئەو پرسانەی ماوەنەتەوە بۆئەوەی بتوانین بۆ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن هەنگاوبنێین.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرلەوەی بەرەو ڕۆما بەڕێ بکەوێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتن کارێکی ئەستەم نییە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئەمەریکا داوا بکات دەستمان بە چەکی ئەتۆمی نەگات، ئەوە ڕێک دەکەوین، بەڵام ئەگەر داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن، ئەوا ڕێککەوتن ناکرێت. گوتیشی: ئێستا کاتی بڕیاردانە.
یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، بۆ چوارەمین جار کۆ بوونەوە.
کۆبوونەوەکە، بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوە چوو.