وەلید فارس: سیاسەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا هاوتەریبە
ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوونی ئاشکرای کردووە، دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشییان هەبێت، بۆیە دەبێت بەغدا وەکوو هاوبەشێک مامەڵە لەگەڵ هەولێر بکات.
وەلید فارس، ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ بە کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا گونجاندووە و سیاستەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هاوتەریبە. داواش دەکەم لەو سیاسەتە بەردەوام بن.
هەروەها ئاماژەشی دا، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کارێکی زۆر باشبوو. گوتیشی: ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوونی ئاشکرای کردووە دەیەوێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشییان هەبێت.
ڕاوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند، دەبێت حکوومەتی عێڕاق بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ مامەڵە بکات، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا لە قۆناغیکی دیکەدایە، دەبێت بەغدا وەکوو هاوبەشێک و بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ هەولێر بکات و دەسەڵاتی مامەڵەکردن بە سامانە سروشتییەکان بداتە هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێڕاق کێشەکانی لەگەڵ هەولێر بە هەماهەنگیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چارە بکات، ئەو دوو ڕێککەوتنەی کراوە لە بەرژەوەندیی هەمووانە بۆیە دەبێت ڕێزی لێ بگرن.
ئابووریی هەرێمی کوردستان زۆر بە خێڕا گەشە دەکات، ئەمەش وایکردووە ملیۆنان کەس و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەیانەوێت بێنە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.