مارکۆ ڕوبیۆ: ئەمەریکا پابەندە بە پاڵپشتی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، پاشنیوەڕۆی هەینی 23ی ئایاری 2025، لە واشنتن ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتیش ستایشیی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ.
هەروەها ئامادەیی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ پشتگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد له میوانداری کردنی پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا کرایەوە.
چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگی دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.