کوردستان24، وردەکاری بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی تەواوکاریی هاوبەشی گۆڕان ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی ئایاری 2025، کۆنفرانسی تەواوکاری هەردوو بزووتنەوەی گۆڕانی زەرگەتە و کوردستان لە هۆڵی ئاشتی بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24، کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت، کە پێویستە هەموو ئەوکەسانەی ناویان وەکوو دەستەی دامەزرێنەری گۆڕان هەیە، کە 2135 کەسن، بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنفرانسی یەکەم لە 26ـی 4 بەڕێوە چوو، ئەو کۆنفرانسەش لەهەمان شوێن کە هۆڵی ئاشتییە بەڕێوە دەچێت، تاوەکوو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ ئەندامان بۆیان هەیە بچنە هۆڵی کۆنفرانسەکە، دوای ئەوە کەس مافی نابێت بچێتە هۆڵەکە.
گوتیشی: لە کۆنفرانسی ڕابردوو پێویست بوو ڕێژەیی یاسایی تەواو بێت، بەڵام ئەو کۆنفرانسە پێویستی بە تەواوبوونی ڕێژەیی یاسایی نییە، هەروەها کۆمیسیۆن دوو کەس لە هەردوو باڵەکەی گۆڕان بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن.
دەشڵێت. دوو دەستووری هەموارکراوی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان کە گونجاو بێت لەگەڵ یاسای فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادە کراوە، هەر یەکێک لەو دوو دەستوورە ئەگەر دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنفرانسەکە واتە 50+1 بەدەست بێنێت، ئەوە دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە هی ئەو لایەنە، هەروەها سەرجەم موڵک و ماڵ و میدیا و ناو و لۆگۆی گۆڕان بەفەرمی دەبێتە موڵکی ئەو لایەنە، دوای ئەوە جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن، کەلەسەر ئەوخاڵە ناکۆکی هەیە، چونکە گۆڕانی گەڕەکی کوردسات دەڵێن دەبێت ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی 61 کەس بن، گۆڕانی گردی زەرگەتەش دەڵێن دەبێت 51 کەس بن.
باسی لەوەش کرد، هەردوولا چەند ڕۆژە لەپەیوەندی دان کە بە ڕێککەوتن بچنە ناو کۆنفرانس و گرژیی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، هەروەها گۆڕانی کوردسات دەڵێت دەبێت ڕێکخەری گشتی لەناو کۆنفرانس هەڵبژێردرێت، بەڵام گۆڕانی زەرگەتە دەڵێن، بەپێی ئەو دەستوورەی نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێویستە ڕێکخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرێت.
05ـی نیسانی ئەمساڵ باڵی گردی زەرگەتە، کۆنفرانسێکی کرد و 26ـی نیسانیش باڵی کوردساتیش دانەیەکی دیکەی کرد، بەڵام یەکێکیان بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەسەند نەکران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆنفرانسەکەدا، پەیڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان هەموار دەکرێتەوە تا لەگەڵ یاسای حزبە سیاسییەکان بگونجێت. هاوکات هەڵبژاردن بۆ جڤاتی نیشتمانی و ڕێکخەری گشتی دەکرێت.