هاوپەیمانیی مەسیحی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، کەرتی ئابووری دەبووژێنێتەوە

شەممە، 24-05-2025، هاوپەیمانیی "مەسیحی" ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاو کردەوە. 

هاوپەیمانیی مەسیحی لە (پارتی یەکێتیت دیموکراتتی کلدان، پارتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کلدان، پارتی بزووتنەوەی کۆبوونەوەی سووریا، دەستەی جیهانیی کلدان، دەستەی کارگێڕی کۆمەڵگەی ئۆرتۆدۆکسی ئەرمەنستان، کۆمەڵگەی ئەرمەنی و ڕەوتی شاڵەمە) پێک دێت. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هێز و لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی مەسیحی بە سەرنج و پێزانینێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ سەردانەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن. ئەم سەردانە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی ستراتیججی گرنگ دەکات بەرەو قووڵبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە لایەک و ئەمەریکاش لە لایەکی دیکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، گەشەپێدانی ئابووری، ڕێزگرتنی یەکتر، و بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان، لە پێش هەموویانەوە ئازادی، مافی مرۆڤ، و مافی هەموو پێکهاتەکان."

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) لە واشنتن ئیمزا کران.

هاوپەیمانیی مەسیحی دووپاتی کردووەتەوە، ئیمزاکردنی ئەو دوو ڕێککەوتنەیە، "یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووریی بەردەوام و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق، بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانییەوە."

هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ بووەوە. 

لەبارەی کۆبوونەوەکە، هاوپەیمانیی مەسیحی ئاماژەی بەوە کردووە "پەرۆشیی سەرۆک وەزیران بۆ پیشاندانی ئەزموونی گەشەسەندنی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئەم مۆدێلە ناوازەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرز دەنرخێنین، بەتایبەتی ئەوەی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە گرنگیی هەماهەنگی بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان ئاماژەی پێ کرا لە عێراق و سووریا."

ئەم سەردانە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "مێژووییە و نیشاندەری ئەوەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی بەردەوامە لەسەر ڕێگای گەشەپێدان و کراوەیی بەڕووی جیهاندا، پەرەپێدانی پەیوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەروەها بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر گۆڕەپانەکانی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی."