سێرگی لاڤرۆڤ: بەم نزیکانە ڕەشنووسێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەین

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕەشنووسێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا ئامادە کردووە، کە بڕیارە بەم نزیکانە پێشکەشی کیێڤی بکات، هاوکات ئەورووپاش بە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی تۆمەتبار دەکات.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ پابەندە بە دانوستانەکان و چارەیەکی ئاشتییانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی لەگەڵ ئۆکرانیا. گوتیشی: وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتنەی لەم دوایانە لە ئیستانبوڵ کراوە.

جەختیشی کردەوە، بە جددی کار لەسەر قۆناغی داهاتوو ڕێککەوتنەکە دەکەن، کە پێک هاتووە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک بۆ ئاگربەستێکی دوور مەودا. ئاماژەشی دا، دوای تەواو بوونی قۆناغی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ڕەشنووسەکەیان پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن. 

هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەورووپا بە هاندانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردن سەر وڵاتەکەی و تێکدانی پرۆسەی ئاشتی تۆمەتبار دەکات و گوتی: پشتگیریی ئەورووپا بۆ هێرشەکانی ئۆکرانیا بەڕوونی هەوڵێکە بۆ تێکدانی دانوستانەکانی ئاشتی و تێکدانی ئەو پێشکەوتنانەی لە ئیستانبوڵ بەدەست هاتوون، بۆ ئەمەش لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

هه‌ینی، 23ـی ئایاری 2025، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕایگه‌یاندبوو، له‌ چوارچێوه‌ی پلان و پرۆسه‌یه‌كی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا 270 دیلی سه‌ربازی و 120 دیلی مه‌ده‌نییان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ئاڵوگۆڕ كردووه‌‌‌، كه‌ هه‌مان ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ ئۆكرانییه‌كان ئازاد كراون.