ئیدارەی ترەمپ دەیان کارمەندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی ئەمەریکا لە کارەکانیان دەردەکات
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چاکسازییەکانی لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئەمەریکا بەردەوامە، دوای دوورخستنەوەی مایک واڵتز وەک ڕاوێژکاری ئەنجوومەنەکە، نزیکەی 100 کارمەندی دیکە لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە.
دەزگای میدیایی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نزیکەی 100 کارمەندی ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئەمەریکا لە کارەکانی دوور دەخاتەوە.
هەروەها سی ئێن ئێن ئاماژەشی داوە، براین ماکۆرماک، بەرپرسی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئەمەریکا ئیمەیلێکی بۆ کارمەندەکانی ناردووە لە ماوەی 30 خوولەکدا ئۆفیسەکەیان بەجێ بهێڵێن، ئەوانەشی لە پشوودان کاتێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی بێن کەلوپەلەکەیان ببەنەوە.
هەروەها لە ئیمەیڵەکەدا ئاماژە بەوش دراوە، ئەوانەی لە دامەزراوەی حکوومەتییەوە هاتوون، دەگەرێنرێنەوە سەر کارە پێشووەکەی خۆیان.
لیستی دوورخستنەوەی کارمەندان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کارەکانیان دابڕاون، لە نێوانیاندا بەپرسی پیشەگەر و کارمەندانی سیاسی دەگرێتەوە.
هاوکات وەکوو بنیات نانەوەی هەیکەلبەندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی ئەمەریکا بەشێک لە کارمەندەکان دووبارە چاوپێکەوتنی کاریان لەگەڵ کراوەتەوە.
پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیبووی: مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیدارەکەی ئەرکی نوێی پێ دەسپێردرێت و بە شێوەیەکی کاتی دەبێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها مایک واڵتزیش دەبێتە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.