کریستین دیوان: ئەمەریکا وەکوو هاوبەشێک پێشوازیی لە شاندی هەرێمی کوردستان کرد
توێژەرێکی باڵای دامەزراوەی دەوڵەتانی کەنداو ڕایگەیاند، کورد پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا هەیە، هەروەکوو بینیمان وەکوو هاوبەشێک پێشوازیی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان کرا.
شەممە 24ـی ئایاری 2025، کریستین دیوان، توێژەری باڵای دامەزراوەی دەوڵەتانی کەنداو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بوو هەروەکوو بینیمان لەلایەن بەرپرسانی باڵا وەکوو هاوبەشێک پێشوازیی لە شاندەکەی کوردستان کرا لە واشنتن، گرنگیشە کورد لەو هاوبەشییە بەردەوام بن."
ئاماژەشی دا، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەشێوەییەکی بنەڕەتی بایەخ بە پەیوەندییە بازرگانییەکان دەدات، هاوکات وزەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان، بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەیەکی وزە بۆ ناوچەکە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، پاراستنی پێکهاتەکان و ئەو ئازادییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەریکا بایەخێکی زۆری پێ دەدات، ئەمەش وا دەکات وەبەرهێنەری بیانیی بێنە کوردستان.