عادل باخەوان: تاوەکوو ئێستا بەغدا لە چەمکی فیدراڵیزم تێ نەگەیشتووە
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی فەرەنسی ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سیاستی ئیدارەی ئەمەریکا و ئەورووپا تێ دەگات و لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز دەکات.
شەممە 24ـی ئایاری 2025، عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی فەرەنسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا، بایەخ بە پرسی ئابووری دواتر ئاسایش دەدات، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو بایەخ و سیاستە تێ گەشتووە و لەسەر بنەمایە پەرەپێدان بە ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، سەردانی واشنتنی کردووە. گوتیشی: پێم وایە ئەو بنەمایە و سیاسەتەی سەرۆک وەزیران دروست و تەنانەت هەموو ئەورووپاش بایەخ بەو سیاسەتە دەدەن.
لەبارەی بایەخی ئەمەریکا بە هەرێمی کوردستان، عادل باخەوان گوتی: بەشی زۆری شیعەکان لە عێراق هاوپەیمانی ئێرانن، سونەکانیش کارتێکی لاوازن لە نێو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە تەنیا کورد وەکوو هاوپەیمانێکی بەهیزی وڵاتە نێودەوڵەتییەکان دەمێنێتەوە لە ناوچەکەدا.
لەبارەی ڕاگەیەندراوەکانی عێراق لەسەر ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان، عادل باخەوان گوتی: چەندین ناوەندی بڕیاردان لە بەغدا هەن و زوو زوو بڕیار دەدەن و پەشیمان دەبنەوە، بۆیە دوای ئەوەی پێداچوونەوەیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان و پیگەی خۆیان کرد، بڕیارەکەیان گۆڕی.
باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا بەغدا لە چەمکی فیدراڵیزم تێ نەگەیشتووە و بوونی هەرێمی کوردستانییان قبووڵ نەکردووە. بەغدا دەبێت لەوە تێ بگات هەرێمی کوردستان مافی لە عێراق هەیە.