ھاوسەرگیری سپی لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان پەرەدەسەنێت

دۆخی دارایی ھۆكاری سەرەكییە

K24 - ھەولێر

رێژەی ئەو كەسانەی لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان ھاوسەرگیری سپی دەكەن لە بەرزبوونەوەدایە. بەرپرسانی ئێران نایشارنەوە ئێستا گەنجان كەمتر ھاوسەرگیری فەرمی دەكەن و بەشی زۆریان بە نھێنی و بەشێوازی جیاواز روویان لە ھاوسەرگیری سپی كردووە، ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە لەرووی یاسایی و شەرعی تۆمار ناكرێت و تەنیا بە رێككەوتنی دوو لایەنی ھاوسەرگیرییەكەیە، ھاووڵاتیانیش خراپی دۆخی ئابووری بەھۆكاری سەرەكی ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە دەزانن.

ھاوسەرگیری سپی كە ھەندێك بە ئاسایی و ھەندێكیش بە رەش ناوی دەبەن. ئێستا ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لە زیادبووندایە، ھاوسەرگیرییەك كە تەنیا لەسەر رێككەوتنی دوو لایەنەیە و نە لە رووی شەرع و نە لە رووی یاساییەوە تۆمار نەكراوە، بەڵكو دوو لایەن رێكدەكەون كە ھەتا ماوەیەك پێكەوە بژین.

ئەم شێوازی هاوسەرگیرییە لە ئێران نوێیە، بەڵام ماوەیەكە زۆر بووە و گەنجانیش ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە بەھۆی گرانی و چاولێكەری ھەموو كەس توانای ھاوسەرگیری فەرمی و ئاسایی نەماوە.

كامیل ئەحمەدی، توێژەری كورد لە راپرسییەكی مەیدانیدا كە راگەیاندنە فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە ئاشكرایكردووە، تەمەنی ئەو كەسانەی ھاوسەرگیری سپی دەكەن لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵیدان، ھاوكات بەشی زۆریان قوتابی زانكۆن و بەھۆی ئەوەی لەشاری خۆیان دوورن بە ئاسانی بڕیار لەسەر ھاوسەرگیری سپی دەدەن، بەڵام ئەو ھاوسەرگیرییە لە ئێران نایاساییە و دەرھاویشتەی نەرێنی زۆریشی ھەن.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو كوبرا خەزعەلی، سەرۆكی ناوەندی كۆمەڵایەتی ژنانی ئێران ئاشكرای كردووە، ساڵانە 600 ھەزار منداڵ لە ئێران لەبار دەبرێن، لە ھەر سێ منداڵ كە لەدایك دەبن یەكێکیان لەباردەبرێن. بەشێكی زۆری ئەو كۆرپانەش بەرھەمی ھاوسەرگیری سپین، جگە لەوەی كە ھاوسەرگیری فەرمی و ئاسایی كەمیكردووە، رێژەی دانیشتووانی ئێران لە دابەزیندایە و گەنجانیش زۆرتر روویان لەو جۆرە ھاوسەرگیرییە كردووە.