دژوار فایق: دوو ساڵە هەوڵی دابینکردنی زەوی بۆ هاووڵاتیانی سنووری ماددەی 140 دەدەین

 ڕاوێژکارێکی باڵا ڕایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە لە بەغدا داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکەم. بۆ پێدانی زەوی نیشتەجێبون بە هاووڵاتیانی شایستە.

دژوار فایق، ڕاوێژکاری باڵا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ساڵە لە بەغدا داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140دەکەم، لە پێدانی چەکی قەرەبوو و گەڕاندنەوەی زەویی داگیرکراوی جووتیارانی کورد و هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی کار و دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون لە سنووری کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140.

دژوار فایق هەروا گوتی: لە کۆبونەوەی لیژنەکەمان، هەفتەی ڕابردوو جارێکی دیکە لە بەغدا بە نووسین و گفتوگۆ، داکۆکیمان لە داواکارییەکانمان کردەوە. 

ئاماژەی بەوەش دا، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و سەرۆکایەتیی دیوانی حکوومەتی کوردستان و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی کوردستان لە بەغدا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە سوپاسەوە، داکۆکیان لە نووسراوەکەمان کردووە.

گوتیشی: ئەوەی جێگای تێبینیە، پارێزگاکان ئەڵێن زەویمان نییە بۆ ئەو مەبەستە! ڕاشیگەیاند " لە کۆبونەوەی ڕابردوو باسی ئەوەمان کرد، بۆچی زەوی بۆ چین و توێژەکانی دیکە هەیە بۆ سنووری ماددەی 140 نییە؟!"

لەکۆتایی قسەکانیدا دژوار فایق ڕایگەیاند، داوا لەلایەنی پەیوەنداری کوردستانی لە بەغدا دەکەم، لە ڕێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاگەداری پارێزگاکان بکەنەوە کە زەوی دەستنیشان بکەن بۆ هاووڵاتیانی شایستەی سنووری ماددەی 140 .