کۆنفرانسی ئیسماعیل بێشکچی لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت

ئیسماعیل بێشکچی
ئیسماعیل بێشکچی

کۆنفرانسی ئیسماعیل بێشکچی لە ستۆکهۆڵم، باس لە کاریگەرییەکانی کتێب و بۆچوونەکانی ئیسماعیل بێشکچی لەسەر پرسی کورد لە تەواوی  کوردستان، بەتایبەتیش لەسەر باکووری  کوردستان دەکات.

یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، کۆنفرانسی ئیسماعیل بێشکچی، نووسەری نێودار و بەریگریکار لە پرسی کورد، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە ئامادەبوونی توێژەران و  نووسەران و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخرا.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆنفرانسەکە لە سێ باس پێک دێت، باسی یەکەم سەبارەت بە کورد و ئاوارەبوونی کورد دەکات لە ساڵی 1961، باسی دووەمیش سەبارەت بە کاریگەریی کتێبەکانی ئیسماعیل بێشکچیییە، باسی سێیەمیش، ئیسماعیل بێشکچی خۆی بابەتێک لەبارەی ئەوەی، بۆچی کورد دەبێت نەتەوە پەروەر بێت، پێشکەش دەکات.

فیرات جەوهەری، نووسەری کورد بۆ کوردستان24 گوتی:  ئیسماعیل بێشکچی، زۆرینەی ژیانی خۆی لە خزمەتی پرسی کورد و مێژوو و  کلتوور و فەرهەنگی کوردی بەسەر بردووە و 20 ساڵ لە زیندان ماوەتەوە و ئەشکەنجەدراوە، تەنها لەبەر ئەوەی بەرگریی لە مافی کورد کردووە، دەڵێت: بێشکچی ئامانجی پلە و پایە و پۆست نییە، وەک هەندێک نییەکە باسی  کورد وەک بابەتێکی سیاسی دەکەن، بێشکچی دوورتر لە پرسی کورد دەڕوانێت، خواستی ئەوەی هەیە کورد بەرگریی لەخۆی و زمانی بکات، لەگەڵ ئەوەی بەداخەوە کە ژیان دەرفەتی ئەوەی نەداوە خۆی فێری زمانی کوردی بێت.

جەوهەری دەڵێت: کاتێک لە کۆمیسیۆنی پەنابەرانی سوید بووین، پێش چەند ساڵێک ویستمان خەڵاتێک پێشکەش بە ئیسماعیل بێشکچی بکەین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەنابەرانی جیهانی بە ئێمەی ڕاگەیاند: ئیسماعیل بێشکچی خەڵات قەبوڵ ناکات، بۆیە چەند کەسێکم ڕاسپارد کە لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی قسە بکەن بۆ ئەوەی ڕازی بێت خەڵاتەکە قەبوڵ بکات، بەڵام ئەو هەمیشە ڕەتی دەکردەوە ئەو خەڵاتە وەربگرێت.

فیرات جەوهەری ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستەکانی بێشکچی لەبارەی کورد و پرسە نەتەوەییەکەی، کاریگەریی لەسەر خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیاش کردووە.