نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوو مانگی ڕابردوو زیاتر لە 950 منداڵ لە غەززە کوژراون

ئاژانسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، منداڵان لە غەززە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و ژمارەی قوربانیانیش لە کەرتەکەدا بەردەوامە لە زیادبوون. 

یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی (ئۆنراو - UNRWA) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە دوو مانگی ڕابردوو زیاتر لە 950 منداڵ لە غەززە کوژراون.

هەروەها ئاماژەشی داوە، منداڵان لە غەززە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و برسی و ئاوارە کراون. داواشی کردووە، دەستبەجێ ئەو شەڕە کۆتایی بهێنرێت.

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە ڕاپۆرتی ئەمڕۆی لەبارەی قوربانیانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە 18ـی ئادار تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 785 کەس کوژراون و 10 هەزار و 756 کەسی دیکە بریندار بوونە. 

ئاماژەشی داوە، ژمارەی کوژراو لە لە 7ـی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکوو ئێستا گەیشتووتە 53 هەزار و 939 کەس، هاوکات 122 هەزار و 797 کەسی دیکەس بریندار بوونە.

یونیسێف لە 31ـی ئاداری 2025، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ژمارەی منداڵانی کوژرای غەززە بڵاو کردووتەوە، لە 18 مانگی ڕابردوو زیاتر لە 15 هەزار منداڵ کوژراون، هاوکات زیاتر لە 34 هەزار منداڵی دیکە برینداربوونە و نزیکەی یەک ملیۆنیش ئاوارەبوونە.