ئەمشەو دەبێتە یاریی ماڵئاواییكردنی ئەستێرەكانی بارسێلۆنا

گۆڵپارێزێكی بارسێلۆنا پێشوەختە جیابوونەوەی یەكلایی بووەتەوە

هانزی فلیك، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
هانزی فلیك، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

کۆتایی وەرزێکی لەبیرنەکراو بەڕێوەیە، وەرزێکی پڕ لە وانە و سەرکەوتن. سەردەمی فلیک لە بارسێلۆنا دەستی پێکردووە و ئەمشەو لە دوایین یاری وەرزدا بارسێلۆنا ڕووبەڕووی یانەی ئاتڵتێک بیلباو دەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵەكانی كەتەلۆنیا، ئەمشەو بارسێلۆنا ماڵئاوایی لە چەند یاریزانێكی دەكات، ئەگەرچی بە فەرمی ناوی هیچ یاریزانێک رانەگەیەنراوە، بەڵام روون و ئاشکرا ناسنامەی بەشێك لەو یاریزانانە دیارە لەم هاوینە یانەكە جێدەهێڵن.

یەكەم: چێزنی
لە چێزنییەوە دەست پێدەکەین. ئەم گۆڵچییە پۆلۆنییە كە ماڵئاوایی لە تۆپی پێ كردبوو، بەڵام لەسەر داوای بارسێلۆنا گەڕایەوە و خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنادا بینییەوە، چیزینی هێشتا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەداوە، بارسێلۆنا ئۆفەرێکی بۆ وەرزێكی دیكە پێشكەش كردووە، بەڵام چاوەڕێی هاوسەریی دەكات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات. بڕیارەكەی ئاڵۆزە و ئەگەر بمێنێتەوە بۆ وەرزی داهاتوو دەبێتە گۆڵپارێزی دووەم لە بارسێلۆنا.

دووەم: ئینیاکی پێنیا
ئەگەری هەیە لە نیوەی دووەمی یارییەكەی ئەمشەو فلیک بۆ چەند خولەکێک یاریی پێ بکات، ماڵئاواییەکەی لە بارسێلۆنا یەکلایی بووەتەوە. ئەم گۆڵپارێزە دوای ئەوەی تریشتێگن تووشی پێکان بوو بۆ ماوەی سێ مانگ گۆڵچی سەرەکی بارسێلۆنا بوو، بەڵام چێزنی بە هاتنی خەونەکانی لێ پووچەڵ کردەوە. پێنیا لە ساڵی 2013ـەوە یاریزانی بارسێلۆنایە، واتە 12 ساڵ، ساڵێکی دژواری هەبووە و باوکی لەدەست داوە و منداڵێکیشی بووە و پێدەچێت هەر لە لالیگا بمێنێتەوە، بەڵام لە بارسێلۆنا نامێنێت.

سێیەم: ئانسۆ فاتی
فاتی لەم وەرزەدا دەرفەتێكی كەمی پێدرا، بەڵام فلیك دڵنیابووەتەوە كە ئەم یاریزانە لە ئاستی بارسێلۆنادا نییە. ئەگەری هەیە ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری بکات، یارییەک بۆ ماڵئاوایی. هەرچەند تا کۆتایی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنادا هەیە، بەڵام پێناچێت ئەم یاریزانە لە بارسێلۆنا بمێنێت.

چوارەم: پابلۆ تۆرێ
پابلۆ تۆرێ لەم وەرزەدا هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، رکابەری لە هێڵی ناوەڕاست زۆر قوورس بوو، لە سەرەتای وەرزدا چەند یارییەکی کرد، بەڵام لە ساڵی 2025 دیار نەما. رەنگە لە یاری ئەمشەودا بۆ چەند خولەکێک یاری بکات و ئەگەری هەیە بە شێوەی خواستن لە وەرزی داهاتوودا بۆ یانەیەکی دیکە یاری بکات.

پێنجەم: پاو ڤیکتۆر
پاو ڤیکتۆر هەرچەند لە مەشق و راهێنانەکاندا یاریزانێکی بەرچاو بووە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لە بارسێلۆنا جیا دەبێتەوە، گرێبەستەكەی تاکو ساڵی 2029ـەوە ئەگەری هەیە بە شێوەی خواستن بدرێتە یانەیەک کە زیاتر یاری بکات. پێدەچێت ئەمشەو لە سەرەتاوە یاری بکات.

ئامادەکردن: محەمەد شەهدی