عومەر شێخ موس: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەزانم
عومەر شێخ موس، سیاسەتەمەداری کورد ڕایدەگەیەنێت: سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا هەنگاوێکی گەورەیە و سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی کورد نیشان دەدات.
یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، عومەر شێخ موسی سیاسەتمەدار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لەڕووی سەرکەوتنی دیپلۆماسیی کوردی و کوردستانی، بە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەزانن، بەتایبەت کە لە ئاستێکی بەرزدا وەک وەزیری دەرەوە، هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس و سێنات و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا کۆبووەو دیداری هەبوون.
عومەر شێخ موس دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکوومەتی کوردستان مەسرور بارزانی چاوپێکەوتنی میدیایی لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمەریکا کرد، ئەمەش قورساییەکی سیاسی و دیپلۆماسی دا بە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کە بەهاکەی نزیکەی 110 ملیار دۆلارە، هێز و توانایەکی زۆر دەدات بە هەرێمی کوردستان.
عومەر شێخ موس گوتی: ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە، ئەو گرێبەستە فەرمیی و یاساییە و بەگوێرەی دەستووری عێراقە.
جێی باسە، عومەر شێخ موس، لە 7-2-1942، لەشاری ئامودا لەڕۆژئاوای كوردستان لەدایكبووەو یەکێکە لە مەزرێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.