ئاژانسێک: گەورەترین قۆناغی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی هات

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، گەورەترین قۆناغی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دوای سێ ڕۆژ کۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە 1000 دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، ڕووسیا و ئۆکرانیا 303 دیلیان ئەڵوگۆڕ کرد، بەمەش قۆناغی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کۆتایی هات.

لەوبارەیەوە ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کەناڵەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دەیان سەرباز، پاسەوانی نیشتمانی و سنووری وڵاتەکەی دەگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان.

قۆناغی ئەڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی 23ـی ئایاری 2025 دەستی پێ کرد، کە پێکهاتبوو لە ئەڵوگۆڕکردنی 1000 دیل. کە لە نێوانیان دا جگە لە سەربازەکان، 120 هاووڵاتی مەدەنی هەبوو. 

پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، بە جددی کار لەسەر قۆناغی داهاتوو ڕێککەوتنەکە دەکەن، کە پێک هاتووە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک بۆ ئاگربەستێکی دوور مەودا. ئاماژەشی دابوو، دوای تەواو بوونی قۆناغی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، ڕەشنووسەکەیان پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن.