کاروباری مینی هەولێر: ئەمساڵ 544 مینی دژەکەسی و دوو مینی دژەتانک لەناو براون

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر بەردەوام لە خاوێنکردنەوەی کێڵگەی مین و لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا 234هەزار و 187 ڕووبەری مەتر دووجای زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەردەوامین لە خاوێنکردنەوەی کێڵگەمینەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەکی زۆری کێڵگەمین هەن، چەند مانگێکە لە چیای گۆڕەز بەردەوام خەریکی خاوێنکردنەوە و لەناوبردنی مین و چەک و تەقەمەنین.
بەڕێوەبەری کاروباری مینی هەولێر گوتیشی: لە چیای گۆڕەز ژمارەیەک کێڵگەی مین هەن لە دوو ڕۆژی ڕابردوو 162 مین لەو شوێنە گواستراونەتەوە نێو کۆگاکان، بەڵام ژمارەیەکی دیکە هەن بە تەقینەوە لەنێو براون، لەچیای بەردەبۆک زیاتر لە 13هەزار چەک و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لەنێو براون.
عەلی عەبدولڕەحمان باسی لەوەش کرد، 544 مینی دژەکەسی و دوو مینی دژەتانک لەناو براون، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا 234هەزار و 187 ڕووبەری مەتر دووجای زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر، ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا 500 مین لەچیای گۆڕەز لەناو براون و تەقێندراونەتەوە.