بانکی نێودەوڵەتی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان هاوکاریی تورکیا دەکات
بانکی نێودەوڵەتی 500 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023 دەداتە حکوومەتی تورکیا.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە 23ـی ئەم مانگە کراوە، بانکی نێودەوڵەتی 500 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری، دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی 2023ـەوە، زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون.
ئەو پارێزگایانەی تورکیا و باکووری کوردستان کە هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە: ئەدەنە، ئادیامان، دیاربەکر، ئەلازیغ، دیلۆک، هاتای، مەڕەش، کیلیس، مەڵاتیە، عوسمانییە، ڕحا، باتمان، ماردین، بینگۆل، قەیسەری، نیغدە، سێواس و تونچەلی.
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینەی و دارایی تورکیا ڕایگەیاند، پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییە داراییە چەندان هەلی کار لە ناوچە وێرانبووەکان بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆیەک بۆ خێراتر ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان.
پێشتر، بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو، زیانە مادییەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان 34 ملیار دۆلاری تێ پەڕاندووە کە دەکاتە نزیکەی تێکڕای 4%ـی داهاتی ناوخۆیی تورکیا.
بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی لە سەرەتای بوومەلەرزەکەوە تا ئێستا لە لایەن ڕێخکراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەشی تورکیا کراون، گەیشتووەتە نزیکەی 2.4 ملیار دۆلار.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەڕەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی تورکیا، لە ئەنجامی هەردوو بوومەلەرزەکە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان سپارد.