سەرۆك بارزانی: ئەو كات پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن
ڕۆژی دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین، پێشوازیی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەوروبەری بەغدا كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەدا، شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد كە هەردەم بەرگریكار و پاڵپشتی داواكاری و مافی پێكهاتەكانی عێراق بووە. هەروەها سوپاسی گیانی میواندۆستیی خەڵكی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە كاتی شەڕی تیرۆردا سەدان هەزار ئاوارەیان حەواندوەتەوە. هەر لەو دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان باسی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار و هەروەها ماف و داواكاری و كێشەكانی ناوچەكانیان كرد و سەرۆك بارزانیان لە چەندین پێشنیار و داواكاریی خەڵكی ناوچەكانیان ئاگادار كردەوە و داواشیان كرد لە پرۆسەی حوكمڕانی و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هاوسەنگی هەبێت و هەماهەنگی و برایەتی و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق، پتەوتر بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و لە گوتەكەیدا ڕۆشنایی خستە سەر ئەو هەڵە و پێشێلكارییانەی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێم ئەنجام دراون و جەختی لەوە كردەوە كە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ئەو كات سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بن. لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی، باسی لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و هەروەها هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی عێراق لە هەڕەشە و ئاستەنگەكان كرد.
لە بەشێكی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینیەكانی ئامادەبوانی دایەوە.

