لە وهانی شوێنی سەرهەڵدانی کۆرۆنا، خەڵک خەریکی کۆنسێرت و سەمان
هەزاران کەس لە کۆنسێرتێک ئامادەبوون و کەسیان ماسکی نەبەستووە
K24 - هەولێر
خەڵکی شاری وهان، ئەو شوێنەی یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ بڵاوبووەوە، دەستیان بە ژیانی ئاسایی کردووەتەوە، ئێستاش لە جیاتی خۆپاراستن و ماسک بەستن، خەریکی ئاهەنگێڕان و سەمان.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، هەزاران کەس روویانکردە پارکی ئاویی وهانی ناوەڕاستی چین، ئەو شوێنەی یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەرکەوت، دیمەنی ئاهەنگگێڕانی خەڵکەکە، وا نیشانیدەدات ژیان لەو شارە بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە.
پارکی کەناریی مایای وهان، پڕ بوو لەوانەی بە جلوبەرگی مەلەوە ئامادەی کۆنسێرتێکی میوزیکی ئەلیکترۆنیک بوون، هەندێک لە ئامادەبووانیش لەناو حەوزێکی مەلەدا تاوەکو سنگیان لەنێو ئاودان.

پارکە ئاوییەکە لە مانگی تەمموزدا کراوەتەوە، دوای 76 رۆژ لە قەدەغەی هاتووچۆ و گرتنەبەری رێکاری تووندی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لە ڤیدیۆی کۆنسێرتەکەدا دەردەکەوێت: ئامادەبووان خەریکی وێنەگرتن و سەمان و پێناچێت لە شارێک بن، کە بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی جیهانی.
تاکە ئامرازی خۆپاراستن لە پارکە ئاوییەکە کە لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت، بۆ خۆپاراستنە لە نقوومبوون، نەوەک کۆرۆنا! هیچ کەسێکیش لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە بە ماسکەوە نابینرێ، بەڵام بەشێکی زۆریان ئێلەگی خۆپاراستن لە نقوومبوونیان لەبەرە.

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە وهان تۆمارکرا، ئەو شارەی 11 ملیۆن دانیشتووی هەیە، دواتر پەتاکە هەموو جیهانی گرتەوە، سەدان هەزار کەسی کوشت و بووە هۆی داڕمانی زۆربەی سێکتەرەکانی ئابووری لە جیهان.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، قەدەغەی هاتووچۆ لە وهان هەڵگیرا دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک هیچ حاڵەتێکی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی هوبێی، کە وهان پایتەختییەتی تۆمارنەکرا.
لەپێناو بووژاندنەوەی دۆخی ئابووری، حکومەتی هوبێی سەردانکردنی 400 شوێنی گەشتیاریی هەرێمەکەی کردووەتە بێبەرامبەر بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران رابکێشێت و جووڵەیەک دروست بکاتەوە.
سەرچاوە: AFP