ئەمەریکا لێدوانەکانی حەماس ڕەت دەکاتەوە
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدوانەکانی حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەستی غەززە ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاند، لێدوانەکانی حەماس جێگای قبووڵ نین.
دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی کردووەتەوە، لێدوانەکانی حەماس لەبارەی ئاگربەستی غەززە جێگای قبوول نین و بێهیواکەرن.
هەروەها ڕاشیگەیاند، پێشنیازەکە پێکهاتووە لە ئازادکردنی نیوەی دیلە زیندووەکان و ڕادەستکردنەوەی نیوە لاشەی دیلەکان. گوتیشی: ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئاگربەستی غەززە ڕازیبووە، ئێستا بڕیارەکە لەسەر حەماس ماوەتەوە و دەبێت قبوولی بکات.
ویتکۆف ئاماژەشی داوە، ئاگربەستەکە ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ دانوستانێکی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل.
حەماس: بە پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف بۆ ئاگربەستی غەززە ڕازیبووین
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس ڕایگەیاندبوو، گرووپەکە بە پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاگربەستی غەززە ڕازیبووە.
گوتیشی: دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەسەر ئاگربەستی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ دەکات.
لەبارەی پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف ئاماژەی دابوو، پێشنیازەکە پێکهاتووە لە ئازادکردنی 10 دیلی ئیسرائیلی لەبەرانبەر ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 70 ڕۆژ.
هەروەها باسی لەوەشکردبوو پێشنیازەکە ئازادکردنی سهدان زیندانی فهڵهستین كه ههندێكیان سزای قورسیان بهسهردا سهپێنراوه و تهنانهت به له سێدارهدان سزا دراون و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەش لە خۆدەگرێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، دانوستانی ناڕاستهوخۆ لهگهڵ ئیسرائیل سهبارهت بە توانای پێكهێنانی لێژنهیهكی پشتیوانی نێودهوڵهتی سەربەخۆ بۆ بهڕێوهبردنی کەرتی غهززه بهڕێوهدهچێت.
یەکشەممە 25ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردبووە، ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە، ئۆپەراسیۆنە زەمینییە گشتگیر و فراوانهكهی کە هێشتا دەستی پێ نەکردووە دوا بخات و بەردەوامی بە دانوستانەکان لەگەڵ حەماس بدات.