كلاسیكۆی خانمان لە نێوان دهۆك و هەولێر بەڕێوە دەچێت

ئافرەتانی دهۆك دەیانەوێت بۆ سێیەمجار و هەولێریش دەیەوێت بۆ چوارەمجار ناسناوەكە بباتەوە

دوو یاریزانی ئافرەتانی دهۆك و دوو یاریزانی ئافرەتانی هەولێر
دوو یاریزانی ئافرەتانی دهۆك و دوو یاریزانی ئافرەتانی هەولێر

لە یاریی كۆتایی خولی فووتساڵی خانمانی كوردستان، ئافرەتانی هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی دهۆك گەشتی بادینانی كردووە، بەمەش سبەی لە نێوان 8 یانەی بەشداربووی خولەكە ناسناوی پاڵەوانی ئەمساڵ یەكلایی دەبێتەوە.
ئەم وەرزە خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بە بەشداریی 8 یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرا بوون بەڕێوە چوو، یانەی ئافرەتانی هەولێر لە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین گۆڵبارانی چەمچەماڵی كرد، لە بەرامبەردا ئافرەتانی دهۆکیش لە دوایین یاری بە شەش گۆڵی بێبەرانبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە و گەیشتە یاریی كۆتایی.
بڕیارە سبەی سێشەممە، 27 ئایاری 2025، لە هۆڵی وەرزشی زانكۆی دهۆك یاریی كۆتایی ئەم وەرزەی خولی فووتساڵی خانمانی كوردستان لە نێوان ئافرەتانی دهۆك و ئافرەتانی هەولێر بەڕێوە بچێت، یارییەكەش لە كاتژمێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.
بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەرزە ژمارەی یانەکان کەمە، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە جیاواز بوو، ساڵانی ڕابردوو هەموو یانەکان بەیەکەوە بوون و خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەم وەرزە بەشێوازی چوون و هاتن یارییەکان ئەنجامدارن، هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەك گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین.
 لە كۆمەڵەی یەكەم یانەكانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە كۆمەڵەی دووەمیش یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین، دووەم.
ئافرەتانی دهۆک لە 8 یاری رابردوو توانیویەتی 62 گۆڵ تۆمار بکات و وەرزی ڕابردوو بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولەکە، لە بەرامبەردا ئافرەتانی هەولێریش کە لەم وەرزە لە کۆی 8 یاری 38 گۆڵیان تۆمار کردووە و سێجار بۆتە پاڵەوانی خولەکە، ئافرەتانی هەولێر چاوی لەوەیە بۆ جاری چوارەم ناسناوەکە بگەڕێنێتەوە هەولێر.


ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە:
1ـ سیپەل شکور ـ ئافرەتانی دهۆک 28 گۆڵ
2ـ یوسرا ئیبراهیم ـ ئافرەتانی دهۆک 16 گۆڵ
3ـ شۆخان نورەدین ـ ئافرەتانی هەولێر 16 گۆڵ
4ـ پرژە نیزام ـ چەمچەماڵ 11 گۆڵ
5ـ سارا ستار ـ رەواندز 10 گۆڵ
6ـ غەمگین مەحموود ـ سیروانی هەڵەبجە 8 گۆڵ