هاوکارییە سەربازییەکانی ئەورووپا بۆ ئۆکرانیا ڕووسیای نیگەران کردووە

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند: ئەورووپا بڕیاری داوە مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. ئەم بڕیارەی ئەورووپاش بەرپرسانی ڕووسیای نیگەران کردووە و بە فراوانکردنی کێشەکان لە قەڵەمیان دا.

دووشەممە 26ـی ئایاری 2025،  فرێدریک مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکا، دەست دەکەنەوە بە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیا بتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات.

گوتیشی: ئەڵمانیا بە هەموو تواناکەیەوە پشتگیری سوپای ئۆکرانیا دەکات. ڕوونیشی کردەوە، ئۆکرانیا بەو مووشکە دوورمەودایانەی کە بۆیان دەنێردرێت، دەتوانێت پێگە سەربازییەکانی ڕووسیا لەنێو مۆسکۆ بکاتە ئامانج.

لە وەڵامدا دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبیژی کۆشکی سەڕۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو بڕیارە درابێت، ئەوە بە تەواوی دژی خواستەکانمانە بۆ چارەی سیاسیی ئەو کێشانەی کە هەیە. گوتیشی: ئەوە بڕیارێکی زۆر مەترسیدارە.

هەروەها ئەلێکساندەر یوناشێڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کرێملن گوتی: وڵاتانی ئەورووپا هەڵگرتنی سنوورەکان لەسەر دەستڕاگەیشتنی مووشەکی دوور مەودا بە ئۆکرانیا، هەنگاوێکی مەترسیدارە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا ئەڵمانیا ئاماژەی بەو چەک و مووشەکە نەکردووە کە دەیداتە ئۆکرانیا، هاوکات چەند سەرچاوەیەکیش بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەچێتە بەرلین.

حکوومەتی پێشووی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ئۆڵاڤ شۆڵز، ڕەتیکردبووەوە مووشەکی دوورمەودا بداتە ئۆکرانیا، بەهۆی ئەوەی کێشەکان فراوانتر نەبن و جەنگەکە قووڵتر نەبێتەوە.