سوپای ئیسرائیل: ڕێگریمان لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند، ڕێگریمان لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە بەرەو  ئیسرائیل هەڵدرابوو.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند "بەهۆی ئەو مووشەکەوە، زەنگی ئاگادارکەرەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵات لێ دراوە."

ئیسرائیل، ماوەیەکە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی ئەو گرووپە دەست پێ کردووە لەوانە هێرشێکی لە 6ـی مانگی نیسان، کە زیانی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا گەیاندووە و هەفتەی ڕابردووش لە هێرشێکی دیکەدا بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیفی سەر دەریای سووری بۆمباران کرد.

سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، حووسییەکان بەردەوامن لە هەڵدانی مووشەک بەرەو ئیسرائیل و بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئامانجیان "پشتیوانیی گەلی فەلەستینە بەتایبەت کەرتی غەززە." حووسییەکان هەروەها ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمەریکییەکان.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. زۆربەیان ڕێگرییان لێ کراوە یان نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.

 
 
Fly Erbil Advertisment