زێلێنسکی: ڕووسیا پلانی هێرشێکی نوێ دادەڕێژێت و بێڕێزیی بە ئاشتی دەکات
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕووسیای بە پلاندانان بۆ هێرشێکی نوێ تۆمەتبار کرد. هاوکات، پارێزگاری ناوچەی سومی ئۆکرانیا کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا، ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا دەستیان بەسەر چوار گونددا گرتووە لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی 'ناوچەی پارێزراو' لەسەر خاکی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی گوتی: هیچ نیشانەیەک نییە، کە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە جددی بیر لە چارەی دیپلۆماسی بکاتەوە.
گوتیشی: لە زانیاری هەواڵگری و سەرچاوە کراوەکانەوە دەتوانین بزانین، پوتن و یاریدەدەرەکانی هیچ نیازێکیان نییە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.
دەشڵێت: بە پێچەوانەوە بەڵگەی زۆر هەیە، خۆیان بۆ هێرشێکی نوێ ئامادە دەکەن.
زێلێنسکی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە نیشانەی سووکایەتیکردنی مۆسکۆیە بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی دەدەن، هەروا ئاماژەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکدا خۆی وەک ناوبژیوانێک بۆ چارەی ئاشتیانەی شەڕەکە پیشان دا و گوتی: لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بەو شەڕە دەهێنرێت.
زێلێنسکی، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو هێرشە بەرفراوانەی هێزەکانی ڕووسیا بە مووشەکی بالیستی و کروز و زیاتر لە 900 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کردوویانەتە سەر شارەکانی ئۆکرانیا، لە ڕووی سەربازییەوە بێهودە بوون.