ڕووسیا وردەکاریی ڕەشنووسی لێکگەیشتن لەگەڵ ئۆکرانیا، بڵاو دەکاتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی لێکگەیشتن لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەن، گوتیشی: هەر کە ڕەشنووسەکە تەواو بوو پێشکەشی ئۆکرانیای دەکەن.
سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، ماریا زاخاڕۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی لێکگەیشتن لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ڕاگرتنی شەڕ .
ئاماژەشی داوە، ڕەشنووسەکە خاڵە گرنگەکان و بنەماکانی چارەکردنی شەڕی سێ ساڵی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دەگرێتەوە، لەوانەش دەستنیشانکردنی کاتی ڕێککەوتن و ئاگربەستی کاتیی نێوانیان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەش کردووە، هەر کە ڕەشنووسەکە ئامادەبوو، پێشکەشی ئۆکرانیای دەکەن.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، مۆسکۆ پابەندە بە دانوستانەکان و چارەیەکی ئاشتییانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی لەگەڵ ئۆکرانیا. گوتیشی: وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتنەی بەم دواییانە لە ئیستانبوڵ کراوە.
جەختیشی کردبووە، بە جددی کار لەسەر قۆناغی داهاتوو ڕێککەوتنەکە دەکەن، کە پێک هاتووە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک بۆ ئاگربەستێکی دوور مەودا. ئاماژەشی دا، دوای تەواو بوونی قۆناغی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ڕەشنووسەکەیان پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن.