وەزارەتی داد پێشانگایەکی هەمیشەیی بۆ کتێب دەکاتەوە
وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەم نزیکانە، پێشانگەیەکی هەمیشەیی بەناوی 'پێشانگەی داد بۆ کتێب' دەکاتەوە.
سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە، بەم نزیکانە پێشانگەی داد بۆ کتێب دەکەنەوە، پێشانگەکە هەمیشەیی دەبێت و لە تەنیشت باڵەخانەی وەزارەتی داد، باڵەخانەیەکیی دوو نهۆمی بۆ دروست کراوە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی عەنکاوە و لە کاتژمێر8:00ـی بەیانییەوە تا ئێوارە، بەدوو دەوامی جیاواز کراوە دەبێت.
نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی داد تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای جەژنی قوربان کتێبخانەکە دەکرێتەوە، کە دەکەوێتە دەرەوەی باڵەخانەی وەزارەت و بۆ هەمیشەیی کراوە دەبێت.
گوتیشی: کتێب و سەرچاوەکان یاسایین و بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست دەبن، هەروەها کتێبەکان بۆ فرۆشتن دەبن و بە نرخێکی گونجاو دەفرۆشرێن.
دەشڵێت: مەبەست و ئامانج دەستکەوتی بازرگانی نییە، بەڵکو زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، بۆ دەستڕاگەیشتنی یاساناسان و قوتابیانی یاسا و ئەکادیمییەکانە بە سەرچاوە گرنگ و جیهانییەکانی بواری یاسا.
ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، لە ساڵی 2020ەوە، دامەزراوە، تا ئێستا، 25 کتێبی بواری یاسای چاپ وبڵاو کردۆتەوە، 25 نامیلکەی دیکەشی چاپ کردووە و 12 ژمارەی گۆڤاری ناوەندەکەیی بەناوی 'گرێبەستی کۆمەڵایەتی' بڵاوکردۆتەوە، هەروەها 4 ژمارەی تایبەتی دیکەی لە گۆڤارەکەشی تایبەت کردووە بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانی ناو ئەو کۆنفرانسانەی کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا سازی کردبوون .


