خوێندنى باڵا مەرجەکانى پلانى مۆڵەتى خوێندن لە زانکۆکان دیاری دەکات

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، داوا دەکات بۆ جێبەجێکردنى پلانى مۆڵەتى خوێندن، ڕەچاوى چەند بابەتێک بکرێت:
1. پلانی مۆڵەتی خوێندن تەنها بۆ فەرمانبەرانی میلاکی زانکۆ و دامەزراوەکەتانە، نەک فەرمانبەری گرێبەست و تەنسیب.
2. ئەو فەرمانبەرانەی کە تەنسیب کراون بۆ دەرەوەی زانکۆ، یان دامەزراوەکەتان، ئەگەر داواکاریی مۆڵەتی خوێندنی پێشکەش کرد، پێویستە تەنسیبەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
3. زانکۆ بە یەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، واتا میلاکی فەرمانبەر لە هەر شوێنێکی کارگێڕی ناو زانکۆ بێت مافی هەیە بەپێی پسپۆڕییەکەی بەشداری کێبڕکێ بکات لە هەمان پسپۆڕی خۆی لەسەر ئەو پلانەی کە بۆ بەشە ئەکادیمییەکان پەسەند کراوە.
4. هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە تاکو ڕێکەوتی (2025/8/31) دوو ساڵ خزمەتی فیعلییان تەواو کردبێت دوای بەدەستهێنانی کۆتا بڕوانامە دەتوانن بەشداری کێبڕکێ بکەن.
5. ئەو کاندیدانەی کە مەبەستیانە لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن لەسەر پلانی ناوخۆ هەژمار دەکرێن.
6. بەهەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو، بۆ ئەم ساڵی 2025، بڕگەی چاوپێکەوتن جێبەجێ ناکرێت، واتا خاڵبەندی کێبڕکێ لەسەر (90%) دەبێت.
7. هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لاری نەبوونیان پێ دەدرێت، پێویستە ناویان لە لیستی کاندیدەکان بۆ مۆڵەتی خوێندن هەبێت.
8. پێویستە لیستی کاندیدەکان تاکو ڕێککەوتی (2025/6/30) بگات بە وەزارەت/ فەرمانگەی خوێندن و پلاندنان و بەدواداچوون.
9.ئاماژە بە فەرمانی وەزاریمان ژمارە (3582) لە (2025/2/2) سەبارەت بە ڕێکخستنی ئاستەکانی خولی زمانی ئینگلیزی، ئەگەر خوازیار بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت، ئەوا بەپێی خشتەی هاوپێچ خاڵی پێ دەدرێت لە بڕگەی تایبەت بە زمانی ئینگلیزیی بە پێی ڕێنماییەکان.
- 6 خاڵ (lntermediate)
- 7 خاڵ (Advanced)
بۆ بینینى دەقى گشتاندنەکە ئەم بەستەرەى خوارەوە کلیک بکە:
https://drive.google.com/file/d/1mWFPa_hM-E4vc411jvaTKOjQnyZxYjJv/view?usp=sharing