ته‌ندروستی سلێمانی هۆكاری هه‌ڵكشانی ئاماری تووشبوون به كۆرۆنا له‌و پارێزگایه ئاشكرا ده‌كات
له هه‌ندێك نه‌خۆشخانه شوێن نه‌ماوه
K24 - سلێمانی:
دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی، تەندروستی شارەكە ھۆكارەكەی بۆ ھاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار بۆ سنوورەكە گه‌ڕانده‌وه و رایگه‌یاند، تووشبووانی كۆرۆنا روو له كه‌می بوو، بەڵام درووستبوونی قەرەباڵغی وایكرد حاڵەتەكان روو له زیادبوون بكه‌ن، بەتایبەت لە رۆژانی جەژن كه بەریەكەوتنێكی زۆر ھەبووە.
ئازاد هه‌ورامی، به‌ڕێوبه‌ری نەخۆشخانەی تاھیر عەلی والی بەگ گوتی: سه‌ره‌تا ئاستی پابەندیی خەڵك بە رێنماییە تەندروستییەکان وایکرد لەسلێمانی دۆخی تەندروستی بۆماوەی مانگێك بەجێگیری بمێنیتەوە، بەڵام ھاتنی ژمارەیەکی زۆری گه‌شتیار له پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وایکرد رێژەکە دووبارە ھەڵکشێتەوە.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر نەخۆشخانەی تاھیرعەلی والی بەگ لەسلێمانی بەنموونە وەربگیرێت، ھیچ جێگەیەكی تیانەماوە بەھۆی زۆری نەخۆشەوە، لەکاتێکدا مانگی رابردوو تەنھا دوو نەخۆش لەم نەخۆشخانەیە مابوونەوە.
له‌كاتێكیشدا بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لەسلێمانی دوای پشووەکانی جەژن پێشبینی کراوبوو لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی، یاد نه‌قشه‌به‌ندی، گوته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی ھۆشداری دا و داوای له هاووڵاتیان كرد، زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بن.
رۆژانە حاڵەتەكانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا زیاد و كەم دەبن، بەڵام پزیشكان داوا دەكەن، ھاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن و خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەكان بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی ئاماره‌كان كەم ببنەوە و ژیانیان پارێزراو بێت.
H.B