هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک دەخاتەوە
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی داعش و سنووردارکردنی تواناکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی ڕێک دەخاتەوە.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، هێزەکانی ئەمەریکا لە چواچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، زانیاریی ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژئاوای سووریا بڵاو کردووەتەوە.
ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی داوە، بەمەبەستی نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، هێزە شەڕکەرەکانی ڕێک دەخاتەوە بۆ ئەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئارامی و سەقامگیریی زیاتری هەرێمی دابین بکات.
هەروەها ئاماژەشی داوە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لە نزیکەوە کار دەکات بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخەنە سەر داعش و بە خێرایی وەڵامی هەموو هەڕەشەیەکی تیرۆر بدەنەوە.
باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردوو دەیان هێرشی ئاسمانی کردووتە سەر پاشماوەکانی داعش لە سووریا، هاوکات هێرشەکانیشیان لە کاتی پێویستدا بەردەوام دەبن.
ڕاشیگەیاندووە، هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسیی نێو کەمپەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەندام و لایەنگرانی داعش دەدرێت، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ پشتیوانیی ئاسایشی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.