رێژه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ هه‌ولێر روو له‌ كه‌مبوونه‌وه‌یه

داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت له‌سه‌ر رێنماییه‌كانی خۆپارێزی به‌رده‌وام بن

K24 - هه‌ولێر:

لە ماوەی 3 رۆژی رابردوودا حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە شاری ھەولێر بەرەو كەم بوونەوە دەچێت و پزیشكان و بەرپرسانی تەندروستی ھەولێريش ھۆكارەكەی بۆ پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە رێكار و رێنماییە تەندروستییەكان دەگەڕێنەوە.

له‌و باره‌وه‌ سامان به‌رزنجی، وەزیری تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەو مانایە نایەت كە كۆرۆنا مەترسییەكانی كەم بووەتەوە، بەڵكو دەبێت ھاووڵاتیان له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی خۆپارێزی بەردەوام بن.

هاوكات بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ھەولێر پێشبینی دەکات، لە سەرەتای مانگی ئەیلول ئامارەکان بەرە و نزمبونەوە بچن و بتوانن كۆنترۆڵی دۆخی تەندروستی بکەن. دارا فه‌رهاد، كه‌ پزیشكه‌ و لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا کاردەکاترایگه‌یاند، ژمارەی تووشبووان زۆرترن لە پێداویستییە تەندروستییەکان و زیاتر بارگرانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان و کارمەندانی تەندروستی دروست دەکات، بۆیە داوا له‌ ھاووڵاتیان ده‌كات، زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

بە گوێرەی ئامارە راگەیەندراوەكانی وەزارتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ماوەی 3 رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر رۆژ بەرۆژ روو له‌ كه‌مبوونه‌وه‌یه‌، پزیشكان و بەرپرسانی تەندروستی ھەولێریش ھۆكارەكەی بۆ پابەند بوونی ھاووڵاتییان و جێبەجێكردنی رێكارەكانی تەندروستی دەگەڕێننەوە و داوا دەكەن ھاووڵاتییان بەردەوام بن لەسەر خۆپاراستن و دووركەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵخەكان بۆ ئەوەی كۆنترۆلی یەكجارەكەی كۆرۆنا بكەین.

H.B