ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی وزە، کوردستان لە عێراق بە ڕاستگۆتر دەزانێت
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گاز ، هەرێم کوردستان بە ناوچەیەکی سەلامەتر و ڕاستگۆتر لە عێراق دەبینن.
سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، پێگەی ئۆیل پرایس، ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا، وەکوو ناوچەیەک بۆ پەرەدان بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە "کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی تایبەت بە وزە، ماوەیەکی زۆرە کوردستان وەک شوێنێکی هیوابەخش و خاوەنبەڵێن بۆ وەبەرهێنانی نەوت دەبینن."
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی ڕاستگۆتر، سەقامگیرتر و خێراترن لە گرێبەستەکانی حکوومەتی عێڕاق.
باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا دژی ئەو گرێبەستانە بوو، بەڵام کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە کارەکانیان لە هەرێـمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامن.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.
هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.