کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشن

لە هەولێر هەفتەی چێشتخانەی تورکیا بەڕێوەچوو و کونسوڵی گشتی تورکیاش ڕایگەیاند: هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆر پێشکەوتووە و گۆڕاوە
ئەرمان تۆپچو کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشن، هەولێر لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆر پێشکەوتووە و گۆڕاوە.
ئەرمان تۆپچو گوتی،" هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان زیاتر پێشبخەین".
هەر ئەمڕۆ، شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا سەردانی هەولێریان کرد و لە ڕێوڕەسمێکدا بە هاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دیدارێکیان بۆ ژمارەیەک لە بازرگانانی تورکیا و هەرێم ڕێکخست.
شاندەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، نوێنەرایەتی 150 هەزار کۆمپانیا لە تورکیا دەکات و ئامانجی سەردانەکەیان پەرەپێدان و زیادکردنی قەبارەی بازرگانییە لە نێوان هەرێم و تورکیا.