لە چین کارگەیەکی کیمیایی تەقییەوە

کارگەیەکی کیمیایی لە پارێزگای شاندۆگی ڕۆژهەڵاتی چین تەقییەوە و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان سپارد و 19 کەسیش بریندار بوون، هەروەها شەش کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی شینهوا بڵاوی کردەوە، کارگەکە لەلایەن کۆمپانیای شاندۆنگ یوداو کیمیایی لە شاری ویفانگ بەڕێوە دەبرێت.

دەشڵێت: بەهۆی تەقینەوەکە پەنجەرەی چەند باڵەخانەیەکی نزیک لە کارگەکە شکاوە.

بەرپرسانی فریاکەوتن لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، زیاتر لە 200 کارمەندی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە.

هەروەها ڕۆژنامەی پەکین نیوز بڵاوی کردەوە، کە دەرکەوتووە دوکەڵ لە وێستگەی کیمیایی و دامەزراوەیەکی دیکەش لە نزیکیەوە بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، دیوانی ژینگەی ویفانگ تیمێکی بۆ پشکنینی شوێنی تەقینەوەکە ناردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دەستنەکەوتووە. فەرمانگەکە ئامۆژگاری دانیشتوانی نزیک لەو کارگەیە دەکات، لەم کاتەدا دەمامک بەکاربهێنن.

چین لە ساڵانی ڕابردوودا شایەتی چەند تەقینەوەیەکی وێستگەی کیمیایی بووە، لەوانە تەقینەوەیەک لە ناوچەی نینگشیا لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات لە ساڵی 2024 و یەکێکی دیکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای جیانگشی لە ساڵی 2023. هەروەها لە ساڵی 2015دا بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری شاندۆنگ، 13 کەس گیانیان سپارد.

 
 
Fly Erbil Advertisment