دیمیتری مێدڤێدێڤ لە وەڵامێکی بۆ ترەمپ، خراپترین شت جەنگی جیهانی سێیەمە
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند، تاکە شتێکی خراپی ڕاستەقینە کە پێویستە نیگەرانی بین، جەنگی جیهانی سێیەمە، ئەمەش لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئاراستەی ڤلادیمێر پوتن، هاوتا ڕووسییەکەی کرد.
سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ کە پوتن "یاری بە ئاگر دەکات" و خراپترین شت دەکرا بەسەر ڕووسیادا بێت، مێدڤێدێڤ بە زمانی ئینگلیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەوەی من دەیزانم زۆر خراپە، ئەویش جەنگی جیهانی سێیەمە، هیوادارم ترەمپ لەمە تێبگات!"
پێشتر ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) نووسیبوی: ئەوەی ڤلادیمێر پوتن درکی پێناکات ئەوەیە ئەگەر من نەبوومایە، پێشتر شتگەلێکی زۆر خراپ بەسەر ڕووسیادا دەهات و مەبەستم ئەوەیە، ئەو یاری بە ئاگر دەکات!"
لای خۆیەوە کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، ترەمپ بیر لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەکاتەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەوەش دوای ئەوەی بێزار بووە لە هەڵسوکەوتی پوتن.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەی چەند هەفتەیەکە بژاردەی سزادان لەسەر ڕووسیا لەسەر مێزی ترەمپە، بەڵام هێشتا پەسەندی نەکردووە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە سزا نوێیەکان دەتوانن ڕووسیا "لە دانوستانەکانی ئاشتی دوور بخەنەوە". پێشتر ترەمپ سەبارەت بە پوتن گوتی: پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، بەڵام شتێک بەسەر پوتن هاتووە، شێت بووە. یاسادانەرانی دیموکرات و کۆمارییەکان فشار دەخەنە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر بکاتەوە دوای هێرشەکانی کۆتایی هەفتە.