ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ واشنتن، بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی کارنامەکەی کە کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، تەنیا یەک بڕگە تاوتوێ دەکرێت کە بریتی دەبێت لە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن؛ ئەم بابەتە لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامانی شاندەکە دەخرێتە ڕوو.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا لە شاری هەولێر دەکرێت و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، تا 12:00ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن کە تاکوو 23ـی ئەم مانگە بەردەوام بوو، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لە کۆنگرێسمان و سێناتۆری ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە. لەو کۆبوونەوانەدا، جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرایەوە. هاوکات سەرۆک وزیران مەسرور بارزانی سوپاسیانی کرد بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە.
ناوەرۆکی سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن، لەم لینکەدا بخوێنەوە.
دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕۆژی 14-05-2025، کرا. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ وەک قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و شایستە داراییە دەستووریيەکانی هەرێم لە بودجەی گشتيی فیدراڵ، بێکێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.