زێلێنسکی پێشنیازی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن و ترەمپ دەکات
سەرۆکی ئۆکرانیا بەر لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ڕووسیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکا پیشان دا.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەگەر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئاسوودە نابێت، یان ئەگەر کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی دەوێت، ئێمە ئامادەین.
گوتیشی: ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەگەر ڕووسیا جەنگەکە ڕانەگرێت، ئەوە سزای بەسەر دەسەپێنن، بۆ ئەمەش چاوەڕێ سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر مۆسکۆ دەکەین؛ ئاماژەشی دا، لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، سزاکان وزە و سیستەمی بانکی بگرێتەوە.
پێشتر دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ( کرێملن) ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا تەنیا لەکاتێکدا بەشداری کۆبوونەوەی دووقۆڵی دەکات، کە لەگەڵ ئۆکرانیا گەشتبنەتە ڕێککەوتن.
بەرگریی ڕووسیا بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی نیسانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاوی کردبووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە کاتژمێر 6ی ئێوارە تاوەکوو 9ی شەوی ڕابردوو، ئۆکرانیا هێرشێکی چڕی درۆنی کردووە، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو هێرشەدا ئۆکرانیا 296 درۆنی هەڵداوە و بەرگری ئاسمانی ڕووسیا توانیویەتی 112 درۆنی تێکشکێنێت، کە 12 یان ئاراستەی مۆسکۆ و 59 درۆنی دیکەش ئاراستەی ناوچەی بریانسک کرابوون.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو هێرشەی ئۆکرانیا دوای سێ کاتژمێر لە لێدوانەکانی زێلێنسکی دێت.