سێرگی لاڤرۆڤ: بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئەڵمانیا نیگەرانییەکی گەورەیە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پلانەکانی بەهێزکردنی سوپای ئەڵمانیا، کە بەم دواییە لەلایەن بەرلینەوە ئاشکرا کران، "زۆر نیگەرانکەرن."

لە میانی کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ لاڤرۆڤ گوتی: قسەی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا، فریدریک مێرز، کە بەڵێنیدا ئەڵمانیا بکاتە گەورەترین هێزی سەربازی لە ئەورووپا، "زۆر نیگەرانکەرن."

لاڤرۆڤ گوتیشی: زۆر کەس دەستبەجێ بیریان لەو قۆناغانە کردەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا، دووجار ئەڵمانیا بوو بە گەورەترین هێزی سەربازیی و کارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا، بە ئاماژەدان بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم.

مێرز، سەرەتای ئەم مانگە، بەڵێنی دا ئەڵمانیا بکاتە بەهێزترین سوپای ئاسایی لە ئەورووپا لە بەرامبەر پەرەسەندنی هەڕەشە و گومانەکانی ڕووسیا لە پاراستنی کیشوەرەکەی ئەمەریکا.

جەختیشی لەوە کردەوە "بەهێزکردنی سەربازی لە پێشینەی ڕەهای ئێمەیە."

سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوە دا، دەبێت ڕەگ ​​و ڕیشەی ململانێی ئۆکرانیا چارە بکرێن، ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا وادەیەک بۆ خولی نوێی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕادەگەیەنرێت.

باسی لەوەش کرد، لەم وتووێژە ڕاستەوخۆیانەدا مۆسکۆ پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات، کیێڤ "هەموو یاسا جیاکارییەکان" هەڵبوەشێنێتەوە کە ئێستا لە ئۆکرانیا کاریان پێ دەکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە، ڕژێمی کیێڤ، نوێنەرایەتی خەڵکی کریمیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ناکات.

دەشڵێت: دەبێت داواکارییەکانی ڕووسیا سەبارەت بە دۆخی نائەتۆمی و بێلایەنی ئۆکرانیا جێبەجێ بکرێت، بە ئاماژەدان بەوەی ئۆکرانیا هەوڵی ئەندامییەتی ناتۆی دا کە بووە هۆی ململانێکانی نێوان هەردوو وڵات.

سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ڕۆژئاوا و ناتۆ و پرسە نێودەوڵەتییەکان، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند "ڕێوشوێنە تۆڵەسەندنەوەکانی ڕوسیا تەنیا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی کیێڤ دەبن."

هەروەها مۆسکۆ دووپاتکردنەوەی ڕۆژئاوا بۆ بنەمای یەکپارچەیی خاک ڕەت دەکاتەوە، لەکاتێکدا مافی چارەی خۆنووسینی گەلان پشتگوێ دەخات، دەشڵێت: ڕووسیا بە نیگەرانییەوە، لە نزیکەوە چاودێریی کۆبوونەوەی هێزەکانی ناتۆ دەکات

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاشیگەیاند "وڵاتەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا گەڕێکی دیکەی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکات."