کرێملن بە فەرمی وەڵامی لێدوانەکەی ترەمپی دایەوە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕووسیاش وەکوو ئەمەریکا بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خۆی هەیە؛ یاریدەدەری سیاسەتی دەرەوەی کرێملێنیش لەوبارەیەوە گوتی: ترەمپ بە باشی ئاگاداری واقیعی شەڕەکە نییە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، وەڵامی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئەوەی پوتن یاری بە ئاگر دەکات، دایەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەروەکوو ئەمەریکا، ڕووسیاش بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خۆی هەیە، کە لە سەرەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە و سەرۆکەکەمانە، بۆیە هەموومان بە جددی بۆ ئامادەکردنی گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان کار دەکەین، هاوکات لە پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبین.
هەروەها ئاماژەشی دا، ڕوونە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کاری جددی دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدی بێت، بۆ ئەمەش ئێمە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕۆڵەکەیان وەک نێوەندگیر، بەرز دەنرخێنین.
دیمیتری پیسکۆڤ باسی لەوەش کرد، بەر لە کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا زۆر وردەکاری دیکەی هەیە دەبێت ڕوون بکرێنەوە.
لەوبارەیەوە یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سیاسەتی دەرەوەی (کرێملین) ڕاگەیاندووە، لێدوانەکەی ترەمپ ئەوە دەردەخات کە بە باشی ئاگاداری واقیعی شەڕەکە نییە.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسیبووی: پوتن درک بەو ڕاستییە ناکات، کە ئەگەر من نەبوومایە شتگەلێکی زۆر خراپ بەسەر ڕووسیادا دەهات، هەروەها پوتن یاری بە ئاگر دەکات.
ئەم نیگەرانییەی ترەمپیش دوای ئەوە هات، کە ڕووسیا بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕ کردووەتەوە. بە گوتەی ترەمپ بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانی.