ئێمباپێ سێیەم خەڵاتی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بردەوە

کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، وەکو باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی یانەکەی دیاریکرا. سەرەڕای ئەوەی لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانە شاهانەکە، نەیتوانی هیچ ناسناوێک بباتەوە.
ماڵپەری فەرمی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەکەیان، توانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی یانەکەیان بە دەنگی هاندەران بباتەوە. ئەو یاریزانە فەڕەنسیە لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانە شاهانەکە توانی لە کۆی 56 یاری 43 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات.
ئێمباپێ سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی لەگەڵ یانەکەی هیچ ناسناوێک بباتەوە، بەڵام توانی سێ خەڵاتی تاکە کەسی بباتەوە، باشترین یاریزانی یانەکەی و خەڵاتی گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگا و هەروەها خەڵاتی پێڵاوی زێڕ وەکو باشترین گۆڵکاری ئەوروپا.
ئێمباپێ سەرەتای ئەم وەرزە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد، ئەو یاریزانە لە لالیگا توانی بە تۆمار کردنی 31 گۆڵ خەڵاتی گۆڵکار بباتەوە.