گرژیی لە نێوان هێزە یونیفیل و دانیشتوانی شارۆچکەیەکی باشووری لوبنان سەری هەڵدا

گرژیی لە نێوان هێزەکانی یونیفیل و دانیشتوانی شارۆچکەی یاتر لە باشووری لوبنان سەری هەڵدا و هێزەکانی یونیفیل چەکیان بەرەو ڕووی خەڵکی شارۆچکەکە ڕاکێشا. بەڵام سەرکردایەتیی یونیفیل ئەوەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژنامەی  "ئەلئەخبار" بڵاوی کردەوە، سوپای لوبنان کۆتایی بە ناکۆکی نێوان دانیشتوان و هێزێکی یونیفیل هێناوە و کە هەوڵی چوونە ناو گەڕەکەکانی شارۆچکەی یاتری باشووری ئەو وڵاتەیان داوە.

لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم ڕووداوە، ئەندریا تێنێنتی، گوتەبێژی یونیفیل ڕوونی کردەوە "دۆخەکە ئارام بووەتەوە و ئاشتیپارێزەکان توانیان دوای 30 خولەک درێژە بە ڕێگەکەیان بدەن." 

گوتەبێژەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵێک کەس بە جلوبەرگی مەدەنییەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی یاتر ‌هێزێکی ئاشتیپارێزانی یونیفیلیان ڕاگرتووە. هێزەکەی یونیفیل، خەریکی ئۆپەراسیۆنێک بوون، کە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای لوبنان پلانی بۆ دانرابوو.

 تێنێنتی دەشڵێت: هێزەکانی ئاشتیپارێز لەسەر داوای حکوومەتی لوبنان و بە فەرمانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە باشووری لوبنان کار دەکەن و چالاکییەکانمان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی لوبنان هەماهەنگن، جەختیشی لەوە کردەوە، هەر دەستوەردانێک لە چالاکییەکانی ئاشتیپارێزان جێگەی قبووڵکردن نییە و ناتەبایە لەگەڵ ئەرکەکانی لوبنان بەپێی بڕیارنامەی 1701.