عێراق لە هاوردەکردنی زەیتونی تورکیا، لە پلەی دووەمدا دێت

عێراق لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا،  بەبەهای زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار هەردوو جۆری زەیتونی ڕەش و سەوزی لە تورکیاوە هاوردە کردووە.

کۆمەڵەی هەناردەکارانی زەیتونی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە  "هەناردەی زەیتونی خواردن، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 33% زیادی کردووە، لە 48 هەزار تۆنەوە بووەتە 64 هەزار تۆن."

کۆمەڵەی هەناردەکارانی زەیتون ئاماژەی بەوەش کرد "هەناردەی زەیتونی ڕەش بۆ ئەڵمانیا بە بەهای 32 ملیۆن دۆلار بووە، هەروەها زەیتونی ڕەش بە بەهای 23 ملیۆن دۆلار هەناردەی عێراق کراوە، دوای ئەویش بە بەهای 17 ملیۆن دۆلار زەیتونی ڕەش هەناردەی ڕۆمانیا کراوە."

ڕونیشی کردەوە، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمی هاوردەکردنی زەیتونی سەوزی تورکیا دێت کە بەهاکەی 9 ملیۆن دۆلار بووە، عێراقیش ڕیزبەندی دووەمی گرتووە کە بە بەهای 6.8 ملیۆن دۆلار زەیتونی سەوز هەناردە کراوە، بەهای زەیتونی سەوزی خواردن کە هەناردەی ئەمەریکا کراوە بایی 4.5 ملیۆن دۆلار بووە و ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە زەیتونی خواردنیان بۆ هەناردە کراوە گەیشتووەتە 110 وڵات.